هاووڵاتییەکی کورد بۆ بەندی زیندانییانی سیاسیی ورمێ ڕاگوێزرا

11:33 - 23 بەفرانبار 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محەممەد سەمیع خادم" تەمەن ٢٥ ساڵ خەڵکی شاری پیرانشار دانیشتووی شنۆ، بۆ بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ، ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییە پێشووەکەی ڕەوانەی زیندانی ورمێ کراوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: "ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش ٢٩ ڕۆژ لە دەسبەسەری لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بەفرانبار، بۆ بەندی دابڕگەی زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزراوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، "دۆسییەی نوێی ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی چالاکیی مەزهەبیی لە لێپرسی دادگای ئینقلابی ورمێ، لە حاڵی تاوتوێکردن دایە".

محەممەد سەمیع خادم ساڵی ٩٨، پاش مانگێک دەسبەسەری بە دانانی بارمتەی بە شێوەی کاتی ئازاد و دواتر لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە تۆمەتی "پرۆپاگەندە دژی نیزام" بە ٦ مانگ زیندانیی تەعزیریی مەحکووم کرابوو.