هاووڵاتییەکی کورد به ١١ ساڵ زیندان مەحکوم کرا

21:41 - 13 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ حوکمی یازده ساڵ زیندانیی بۆ هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ تەئید کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی پووشپەڕ، حوکمی یازدە ساڵ زیندانی بۆ \"ناسر شابۆیی دودکانی\"،
خەڵکی شاری شنۆ لە لایەن لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ تەئید کرا.

\"\"ئەو هاووڵاتییە کوردە لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری شنۆ، بە تۆمەتی \"ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکومەتی ئێران و کۆبوونەوە و هاوکاریی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهی نەتەوەیی\" به ١٠ ساڵ زیندان و هەروەها بە تۆمەتی \"چالاکیی بە قازانجی حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکومەتی ئێران\" بە ١ ساڵ زیندانی مەحکوم کراوە.

دەقی ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ تەئید کراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە هاوێنی ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی \"ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکومەتی ئێران\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

شابۆیی دودکانی دوای سێ مانگ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمته لە زیندان ئازاد کرا.
ناوبراو خێزاندار و خەڵکی گوندی شاوانێ سەر بە شاری شنۆیە.

بەپشت بەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکانی ناوەندی ئاماری هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ١١٩ کەس لە هاووڵاتییانی کورد بە تۆمەتی سیاسی \"ئەمنیەتی\" لە لایەن دادگاکانی حکومەتی ئێران بە ٤٠٩ ساڵ و ١١ مانگ و ٥ ڕۆژ زیندانی تەعزیری، ١١ ساڵ و ١ ڕۆژ زیندانی تەعلیقی، ٩٤ شەلاق و ١ زیندانیی سیاسیش بە ئێعدام مەحکوم کراون.

سەرجەم ئەو کەسانە بە تۆمەتی وەک \"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\" و \"پڕۆپاگەندا دژی نیزام\" تاوانبار کراون.

لە نێوان ئەو کەسانە، ٢٥ هاووڵاتیی حوکمی سەرووی ١٠ تا ٢٥ ساڵیان بەر کەوتووه.

\"\"