هاووڵاتییەکی کورد بانگهیشتی دادگا کرا

15:32 - 8 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هاووڵاتییەکی ناوچەی \"هەورامان\"یان بەبێ هۆکارێکی روون بانگهێشتی دادگا کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٥ی رێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"محەمەد کەریم\" کوڕی \"ئەحمەد\" خەڵکی بەخشی \"سەرو پیری\" سەربە شارستانی سەوڵاوا، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی جێگیر لە پاسگای گوندی \"هەورامانی تەخت\"ەوە بانگهێشتی دادگای سەوڵاوا کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو هاووڵاتییە هەندێک شتومەکی بۆ فرۆشی ناو دووکانەکەی کڕێبوو کە لە کاتی گەڕانەوە بەرەو ماڵەوە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکنی ئەو پاسگایەوە پێشی پێ گیراوە و سەرجەم کەلوپەلەکانی زەوت کراوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئینتزامییەکان پاش زەوت کرانی سەرجەم کەلووپەلەکانی ئەو هاووڵاتییە، پێیان راگەیاندووە کە لە رۆژانی داهاتوودا دەبێ لە دادگای شاری سەوڵاوادا ئامادە بێت.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا، بانگهێشت کردن و زەوت کرانی ئەو هاوولاتییە لە کاتێک دایە کە هەڵگری هیچ جۆرە کەلوپەلێکی قەدەغە کراوی پێ نەبووە.