هاووڵاتییەکی ڕوانسەری لە لایەن سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا

11:19 - 4 رێبەندان 2720

پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگای نەجەفی ئەشەرفی هێزە زەوینییەکانی سپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا، باسی لە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەرکەوت ئەحمەدی" خەڵکی شاری ڕوانسەر کرد، کە دەستی هەبووە لە کوژرانی ئەندامێکی ڕاهنما و ڕانندگی بە ناوی "حەسەن مەلەکی".

لە بەیاننامەی قەرارگای نەجفی ئەشەرفدا هاتووە: "ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕێبەندان، سەربازانی ئەو قەرارگایە، لە چالاکییەکدا، یەکێک لە ئەندامی گرووپە دژبەرەکانی شۆڕشیان، کە لە ساڵی ٩٧، لە هەوڵی نائەمنکردنی ئێران بووە، سەرهەنگ دووهەم حەسەن مەلەکی، لە شاری ڕوانسەر کوشتووە، دەسبەسەر کردووە.

قەرارگای نەجەفی ئەشەرەف، ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە قەڵەم داوە.

لەو پەیوەندییەدا، کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئەو ڕاگەیندراوە بەم چەشنەیە:

بۆ ڕای گشتی

ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویان کردوەتەوە کە "سەرکەوت ئەحمەدی" ناسراو بە ڕامبۆ کە پێشتر پێشمەرگەی کۆمەڵە بووە، لە لایەن ئەوانەوە لە ئێران دەسبەسەر کراوە، لەو پەیوەندییەدا بە پێویستمان زانی کە ڕای گشتی ئاگادار بکەینەوە، جیا لەوەیکە ئێمە لە دەسبەسەرکردنی هیچ کەس لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە خۆشحاڵ نین، بۆ بەرچاوڕوونیی جەماوەری کوردستان و بەرگری لە هەرجۆرە دەنگۆی بێ بنەما بە ئاگاداریی ئێوەی دەگەیەنین کە سەرکەوت ئەحمەدی ماوەیەک لەمەوبەر باسی لەوە کرد کە بەشداری لە کێبەرکێی هەڵاتن کردووە و تەنانەت لە وڵاتی تورکیە (ئیستانبۆڵ) مێداڵیای هێناوە و هتد.

بەڵام دوای لێکۆڵینەوە لەو پرسە دەرکەوت کە ناوبراو ساختەکاریی کردووە و وتەکانی بە تەواوی ناڕاستن و تەنیا بە مەبەستی چەواشەکاری و فریودانی تەشکیلات ئەم داستانانەی هەڵبەستووە، هەروەها کۆمەڵێک ڕەسمی مۆنتاژکراویشی بۆ سەلماندنی قسەکانی دروست کردبوو. دیارە دوای لێپرسینەوەکان کۆمەڵێک گومانی دیکەش ساز بوون و لە کۆتاییدا بڕیار درا کە ناوبراو شیاوی مانەوە لە ڕیزەکانی کۆمەڵەدا نییە و دوورخرایەوە. تا ئەو جێگایەی کە بە دەسبەسەرکردنەکەی دەگەڕێتەوە تەنیا زانیاریی ئێمە ئەوەیە کە ناوبراو ویستوویەتی لە ڕێگای ئێرانەوە بچێ بۆ وڵاتی تورکیە و لە خاکی ئێران لەلایەن ڕژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

سکرتاریەتی کۆمیتەی ناوەندی

٢٢ی ژانویەی ٢٠٢١ی زایینی