هاووڵاتییەکی پیرانشاری لە میاندواو دەسبەسەر کرا

10:06 - 5 رێبەندان 2720

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "شۆڕش ئەحمەدی"، کوڕی محەممەد و خەڵکی پیرانشار، لە شاری میاندواو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان، لە سێڕێیانی میاندواو بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

شۆڕش ئەحمەدی، پاش دەسبەسەری بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی ئەو هاووڵاتییە پیرانشارییە، زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.