هاووڵاتییەکی پیرانشاری بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرا

10:23 - 7 رەزبەر 2720

ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی سەید "ئەحمەد سەبری" کوڕی سەید "مستەفا" خەڵکی پەسوێی شاری پیرانشار، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ، بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرا.

ڕۆژی یەکشەممە ١ی پووشپەڕ ئەو هاووڵاتییە کوردە بەبێ بەڵگەی یاسایی دووبارە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بڕیاری دەسبەسەری سێ جار درێژ کرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەر کرانیدا تەنیا جارێک پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ڕەشەمەی ٩٨، هێزە ئەمنییەتییەکان بە هێرش کردنە سەر ماڵی سەید "ئەحمەد سەبری" لەگەڵ باوکی دەسبەسەریان کردن و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە "سەید مستەفا " ئازاد کرا، بەڵام کوڕەکەی بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ کرا.

ئەو هاووڵاتیییە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییەیان بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردبوو.