هاووڵاتییەکی مەریوانی بە ٦ مانگ زیندان مەحکووم کرا

12:13 - 14 سەرماوەز 2720

لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "خیرەت پەروازه" تەمەن ٣٠ ساڵ کوڕی ڕەحمان خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە ٦ مانگ زیندان مەحکووم کراوە.

دادگا ئەم هاووڵاتییە کوردەی بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

ئەم هاووڵاتییە بەنیسبەت حوکمی دەرچوو لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوان ناڕەزایەتی دەڕبریوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە بۆ دادگای پێداچوونەوە نێردراوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٩ی جۆزەردان، ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش بانگهێشتی بۆ ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەسبەسەر و کۆتاییەکانی مانگی پووشپەڕ پاش تەواو بوونی ماوەی لێپرسینەوەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.