هاووڵاتییەکی مەریوانی بە سێ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا

23:16 - 3 رێبەندان 2720

ڕۆژی شەممە ۲۷ی بەفرانبار، دادگای ئینقلابی سنە، حوکمی سێ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بە سەر هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی " زانا کەسرایی"، تەمەن ۲٨ ساڵ، کوڕی هیوا و خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان، سەپاندووە.

دادگا، ئەو هاووڵاتییەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە سێ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کردووە و ناوبراو لە تۆمەتی "تەبلیغ دژی نیزام" بێتاوان ناسراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە حوکمی دادگای سەرەتایی ناڕەزایەتیی دەربڕیوە و دۆسیەکەی بۆ پێداچوونەوە، ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی سنە کراوە.

زانا کەسرایی، ڕۆژی یەکشەممە ۲۹ی پووشپەڕی ئەمساڵ، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە ڕوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە شاری سنە کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش ۲۲ ڕۆژ لە دەسبەسەری و تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو.