هاووڵاتییەکی سنەیی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

15:18 - 6 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد لە شاری سنە بە هۆی هەژاری و دەستکورتیەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پیاوێکی تەمەن ٣٤ ساڵ خەڵکی شاری سنە بە هۆی بێکاری و دەستکورتیەوە لە ڕێگای خۆهەڵواسین کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ناوی\"ج.خ\" ڕاگەیەندراوە کە کاتژمێر دووی نیوەشەوی هەینی هەوڵی خۆکوژی داوە.

هەواڵنێری کوردپا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند: ج.خ تەمەن ٣٤ ساڵە بە هۆی بێکاریەوە دەستی داوەتە خۆکوژی.

بە وتەی ئەو سەرچاویە، ناوبراو خێزاندارە و منداڵێکی تەمەن ٦ ساڵەی هەیە.

ئەو سەرچاویە ئەوەشی خستەڕوو: ئەو هاووڵاتییە کوردە کرێنشین و ماوەیەک بەهۆی نەبوونی کار، بێکارە بووە.

دەستکورتی و بێکاری و نەبوونی دەرفەتی کار و کێشەی بنەماڵەیی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژی لە نێو هاووڵاتییان هەژمار دەکرێن.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ ڕێژه‌ی خۆکوژی له‌کوردستاندا به‌رچاوه، نه‌ک هه‌ر هه‌نگاوی کرده‌یی بۆ سڕینه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌ دزێوه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ هه‌ڵنه‌گیراوه‌، به‌ڵکوو له‌لایه‌ن ناوەندە په‌یوه‌ندیدارەکانی حکوومەتەوە زۆر جار حاشای لێ ده‌کرێت و لە ڕووماڵ کردنی ئەو دیاردەیە لە میدیاکان خۆدەبوێرن.