هاووڵاتییەکی دەستبەسەر کراو لە لایەن ئیتلاعاتەوە چارەنووسی ناڕوونە

22:01 - 17 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: پاش تێپەڕکردنی ٤٥ ڕۆژ لە دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری کامیاران لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە، چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە بە ناڕوونی ماوەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد پاش ٤٥ ڕۆژ لە سەر دەستبەسەر کرانی ناڕوون و ئەو هاووڵاتییە کوردە هێشتا لە گرتووخانەی هێزە ئیتلاعاتییەکان دایە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری کامیاران شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی \"حەسەن عەزیزیان\" تەمەن ٤٢ ساڵ کوڕی \"حاجی ئەحمەد\" خەڵکی گوندی\"زیویە\"ی سەر بە شاری کامیاران ڕاگەیاندووە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند:\" حەسەن عەزیزیان\" بە تۆمەتی هاوکاری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت:\"ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش ١٠ ڕۆژ لە ڕاگرتنی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیاران، بۆ زیندانی ناوەندی شاری سنە گوێزرایەوە.

بنەماڵەی عەزیزیان لە چارەنووسی کوڕەکەیان نیگەرانن و داوای پێڕاگەیشتنی بارودۆخی ناوبراو دەکەن.

حەسەن عەزیزیان خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە.