هاووڵاتییەکی دیکەی کورد لە پەتی سێدرا ڕزگاری بوو

20:44 - 8 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی شاری سەقز که نزیکەی ٥ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک بە ئێعدام مەحکووم کرا بوو، لە ئێعدام ڕزگار کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری سەقز بە ناوی \"شێرکۆ سوڵتانی\" که نزیکەی ٥ ساڵ پێش بە تاوانی کوشتنی کەسێکی دیکە بە ناوی \"مازیار سەلیمی ئەردەڵان\" بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، بە لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە، لە پەتی سێدارە ڕزگاری بوو.

شێرکۆ سوڵتانی نزیک ٥ ساڵ پێش لە لایەن دادگاوە بە تاوانی \" کوشتن\"، حوکمی قیساسی بە سەر دا سەپابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی ڕابردوو، لە زیندانی سنە بۆ ژووری تاکەکەسی بۆ بەڕێوەچوونی ئێعدامەکەی گواسترابووە و چەند خولەکێک پێش لە سێدارەدانی بە لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوە، لە سێدراە ڕزگاری بوو.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ٤٠ ڕۆژ پێش، هاووڵاتییەکی دیکە کورد بە ناوی \"عەبدووڵڵا پێشکار\" خەڵکی گوندی \"مەڕان\"ی سەر بە شاری دیواندەڕە، ٧ ساڵ پێش بە تاوانی کوشتنی خێزانی بە چەقۆ، لە لایەن بنەماڵەی کوژراوەکەوە، لە سێدارە ڕزگار کرا.

\"قیساس\" لە یاسایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ سزایی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەرچاوگیراوە و بەڕێوەچوونی ئەو حوکمە بە مافی خاوەن کوژراوەکە بە ئەژمار دێت و ئەویش سەرپشکە لە جێبەجێکردنی، یان بەخشینی ئەو حوکمە.