هاووڵاتییەکی دیکە لە سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

23:27 - 5 رێبەندان 2720

ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەفشین ئیلاهی"، خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەو هاووڵاتییە کە کرێکاری بڵاوکردنەوەی کاڵا خۆراکییەکانی "نووشینـ"ـی سەقزە، بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە.

هێزە ئەمنییەتییەکان، پاش دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی، مۆبایلی هاوژینەکەی و  هەروەها هەندێک کەرەستەی کەسیی ئەفشینیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دسبەسەری و تۆمەتەوەپاڵدراوەکانی دژی ئەو هاووڵاتییە، زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ۲ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی دیکەی سەقزی بە ناوی "عەتا (شەماڵ) ڕەحمانزادە"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە سووکایەتیکردنی دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئێران بە جلوبەرگی کوردی، لە مەیدانی "هەڵۆ"ی سەقز بە جلوبەرگی کوردی ئامادە بووە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە.