هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بە دانانی بارمتە هاتە مەرەخەسی

16:26 - 2 رەشەمه 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "شێرکۆ ئاگووشی"، خەڵکی شاری پیرانشار، بە دانانی بارمتە لە زیندانی نەغەدە هاتە مەرەخەسی.

یەکێک لە نزیکەکانی ئەو هاووڵاتییە، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاندووە: "ئەو هاووڵاتییە پێشتر، لەلایەن دادگای ئینقلابی پیرانشار بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراوە و بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی هاتووە مەرەخەسی".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "ئەو هاووڵاتییە لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە "هەوڵی چەکدارانە و تێکەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران"، تۆمەتبار کرا کە ئەو دۆسیەیە لە دادگای ئینقلابی مەهاباد ئاوەڵایە و کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ناوبراو لەو دادگایەدا بەڕێوە دەچێت".

شێرکۆ ئاگووشی، ڕۆژی شەممە ٩ی خەرمانانی ٩٨، پاش برینداربوونی لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران دەسبەسەر کرابوو.

ڕۆژی هەینی ٨ی خەرمانانی هەمان ساڵ، "سادق ئاگووشی" برای ئەو هاووڵاتییە بەهۆی تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران گیانی لەدەست دابوو.

هەروەها، "کاوە ئاگووشی"، باوکی ئەو دوو هاووڵاتییە، ڕۆژی هەینی ٨ی خەرمانانی ٩٨ دەسبەسەر و پاش کۆتایی لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.