هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان پاش دەسبەسەرکرانی چارەنووسی ناڕوونە

18:56 - 27 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی شەممە ١٩ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "کامران داستان"، کوڕی سوبحان، خەڵکی گوندی "نێ" و دانیشتووی مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

هێزە ئەمنییەتییەکان، بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییەیان لە دووکانەکەی لە پاساژی کوردستان دەسبەسەر کردووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکرانی کامران داستان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و پاش پشکنینی ماڵەکەی هەندێک کەرەستەی کەسیی ئەو هاووڵاتییەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کراوە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی  کامران داستان، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو بێئاکام ماوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.