هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز حوکمی چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا

12:25 - 19 خاکەلێوه 2721

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەمین مەلێکی"، تەمەن ٥٦ ساڵ و خەڵکی گوندی "ئێرانشا" سەر بە شاری سەقز، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە، حوکمی ٤ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.

دادگا ئەو هاووڵاتییەی بە "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیران"، تۆمەتبار کردووە.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی مەلێکی، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ٩٩، لە دادگای ئینقلابی سەقز بەڕێوەچووە و ناوبراو دوای سەپاندنی حوکمی دادگا، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کراوە.

ئەو هاووڵاتییە، بە حوکمی دادگای سەرەتایی ناڕازی بووە و دۆسیەکەی بۆ پێداچوونەوە، ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە کراوە.

ئەمین مەلێکی، پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران بووە و ساڵی ڕابردوو پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران، دەسبەسەر کرا و دوای ٥ مانگ لێپرسینەوە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز و سنەدا، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە، هەروەها لە ساڵی ١٣٩١، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و پاش تێپەڕینی ١ ساڵ زیندان و هاتنە مەرەخەسییەکەی، لە ئێران چووبووە دەرەوە.