هاووڵاتییەکی بەلووچ بە تەقەی هێزە نیزامییەکان گیانی لە دەست دا

04:32 - 16 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی کوشت و بڕی هاووڵاتییانی بەلووچ لە بەلووچستانی ئێران، هاووڵاتییەکی دیکەی بەلووچ بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٢ ساڵەی بەلووچ بەناوی \'\'بەلال زەردکووهی\'\'، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٣ی بانەمەڕ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران جێگیر لە ناوچەی \'\'نایگۆن\'\' لە دەوروبەری \'\'ئێرانشەهر\'\'، گیانی لە دەست دا.

کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لەو پێوەندییەدا راگەیاند: ئەو هاووڵاتییە بەلووچە لە ماڵەکەی خۆیەوە ویستوویەتی بەرەو مەزراکەی بڕوات کە کراوەتە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکان و بەهۆی بەرکەوتنی گوللە لە سکی و قووڵیی برینەکەیەوە، گیانی لە دەست داوە.

هەتا ئێستا هۆکاری تەقەی هێزە نیزامییەکان لەو هاووڵاتییە بەلووچە ناڕوون ماوەتەوە.

ناوچەی \'\'نایگۆن\'\' لە ٣٥ کیلۆمیتریی باشووری شاری \'\'ئێرانشەهر\'\' و لە نێوان دوو رێگای \'\'ئێرانشەهر ــ نیکشەهر\'\' و \'\'ئێرانشەهر ــ سەرباز\'\' هەڵکەوتووە.

حەوتووی رابردووش، شەش هاووڵاتیی بەلووچ بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژران و بریندار بوون.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قەدەغەکراو بەبێ ئاگادارکردنەوە، ماشێنی هاووڵاتییان دەدەنە بەر تەقەی راستەوخۆ.