هاووڵاتییەکی بۆکانی بە زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

15:03 - 15 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: دادگای شۆڕشی شاری بۆکان هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەی بە زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەتی ١٢ی رەشەممە دادگای شۆڕشی شاری بۆکان حوکمی ٦ مانگ زیندانی تەعزیری بۆ هاووڵاتییەکی کورد بەناوی هیوا کازمی تەمەن ٣٢ ساڵ بڕییەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو هاووڵاتییە کوردە رێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ئەمساڵ لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و پاش ٢ مانگ راگیران لە زیندانی ئیتلاعاتی ورمێ بەدانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

دادگای شۆڕشی شاری بۆکان حوکمی ئەو هاووڵاتییە کوردەی پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران راگەیاندووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری کوردپا، لەسەرەتای وەرزی زستانەوە هەتا ئێستا ٢٨ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە تاوانی جۆراوجۆر حوکمی ٦٩ ساڵ زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە و ٢ هاووڵاتیی دیکەش جیا لە حوکمی زیندانی، بەرەوڕووی حوکمی ١٢ ساڵ دوور خرانەوە بۆ شارەکانی دیکەی ئێران بوون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.