هاووڵاتییەک لە شنۆ بۆ جارێکی دیکە دەستبەسەر کرایەوە

14:47 - 13 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٢ی رەشەممە هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"کامیل سڵامەت\" کوڕی \"محەممەد ئەمین\" خەڵکی شاری شنۆ بۆ جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو بنەماڵەیە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: کامیل سڵامەت رێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٠ی بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کرابوو و پاش ٥ مانگ لە دەستبەسەری، بەدانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، کە هەتا ئێستا سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەمەڕ چارەنووسی رۆڵەکەیان، هیچ زانیارییەکیان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە پێ رانەگەیەندراوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای وەرزی زستانەوە هەتا ئێستا ٧٨ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەلایەن هیزە ئیتلاعاتی و نیزامییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.