هاووڵاتییەک بە شێوەی کاتی لە زیندانی تاران ئازاد کرا

11:00 - 16 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سنە، پاش تەواوبوونی قۆناغی لێپرسینەوەکەی، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەیفوڵڵا جەلیلی"، کوڕی "ئیبراهیم"، خەڵکی گوندی "ئەوێهەنگ"ی شاری سنە، پاش تەواوبوونی قۆناغی لێپرسینەوەکەی، لە گرتنگەی ئیتلاعات لە شاری تاران، ئازاد کرا.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی گەلاوێژ، ئەم هاووڵاتییە کوردە، لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "بەشیرحاتەمی" کوڕی "سدیق" و "غەفوور یاری" کوڕی "غەفار"، لە شاری دەماوەند، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی "کەڵکوەرگرتن لە جامانە لە یەکێک لە زەماوەندەکان لە شاری دەماوەند و پڕوپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوون.