هاووڵاتییەک بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا

12:15 - 20 رەشەمه 2720

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "زاهیر پەس و پیش (جۆڵا)"، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی گوندی "چیانە" سەر بە پیرانشار، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی خۆی بە زیندانی نەغەدە ناساندووە و ڕەوانەی ئەو زیندانە کراوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی بەفرانبار، دادگای ئینقلابی پیرانشار ئەو هاووڵاتییەی بە ٣ مانگ زیندانیی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەرییەکەی، مەحکووم کرد.

دادگا، ئەو هاووڵاتییەی بە "پڕۆپاگەندە دژی نیزام لە ڕاستای بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردووە و بە پشتبەستن بە مادەی ٥٠٠ی یاسای سزای ئیسلامی، پەسەندکراوی ١٣٧٥ بەخشی تەعزیرات و هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی تەبسەرەی مادەی ٢ی یاسای کەمکردنەوەی سزای زیندانیی تەعزیری، پەسەندکراوی ١٣٩٩، بە ٣ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کردبوو.

حوکمی سەپاو دژی ئەو هاووڵاتییە، بە (تسلیم بە رأی) بۆ ٤٥ ڕۆژ زیندان کەم کرایەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەز، ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

شەوی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردبوو.