هاووڵاتییەک بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا

13:47 - 30 بانەمەڕ 2721

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی بانەمەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سلێمان کەریم‌پوور"، خەڵکی گوندی "خوڕخوڕە" سەر بە مەهاباد، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

ساڵی ڕابردوو، ئەو هاووڵاتییە، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهاباد، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەرییەکەی مەحکووم کرابوو و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرابووەوە.

هەروەها دادگا، حوکمی دەسبەسەرداگرتنی ماشینی سلێمان کەریم‌پووری دەر کردبوو.

ئەو هاووڵاتییە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی سەرماوەزی ٩٩، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسییەکەی لە زیندانی مەهاباد ئازاد کرا.

سلێمان، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٩٩، پاش ٦٥ ڕۆژ دەسبەسەری لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سپای پاسداران ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا.

ئەو هاووڵاتییە مەهابادییە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانی لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سپای پاسدارن لە مەهاباد و ورمێدا، لێپرسینەوەی لێ کراوە. 

ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا،  لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی"، بێبەری کراوە.

ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانانی ٩٩، ئەو هاووڵاتییە لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرابوو.