هاووڵاتییەک بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ کرا

10:54 - 5 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی دووشەممە ٤ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "خەلیل عەینی"، خەڵکی گوندی "سینگان" سەر بە شنۆ، پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ، لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.

هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییەیان بەهۆی ڕۆیشتنی کوڕەکەی بە ناوی "سەدیق عەینی" بۆ دەرەوەی ئێران، بانگهێشت کردووە و داوایان لە ناوبراو کردووە کە کوڕەکەی بگەڕێنێتەوە بۆ نێوخۆی ئێران.

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، سەدیق عەینی، زیندانیی سیاسیی کوردی بەندکراو لە زیندانی ئەردەبێڵ، پاش هاتنەمەرەخەسیییەکەی لە ئێران چووەتە دەرەوە.

١٩ی ڕێبەندانی ٩٦، ئەو زیندانییە سیاسییە کە لە دادسەرای نیزامیی ورمێدا بە تۆمەتی "سیخوڕی لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو، بە پشتڕاستکردنەوەی ئەو حوکمە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە، لە زیندانی ورمێ بۆ زیندانی ئەردەبێڵ دوور خرابووەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە ٢١ی گەلاوێژی ٩٦، لەلایەن ئیتلاعاتی سپا دەسبەسەر و پاش کۆتایی ماوەی لێپرسینەوەکەی ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرابوو.