هاووڵاتییانی شاری سنە و مەریوان \"نا\"یان بە ئێعدام گوت

16:10 - 1 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد خەڵکی شارۆچکەی کانی دینار سەر بە شاری مەریوان، بە شێوەی کاتی حوکمی لە سێدارەدانی ڕاگیرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو، پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئێعدام کرانی \"هێمن مستەفایی\" زیندانی سیاسی کورد مەحکووم بە ئێعدام لە نێو هاووڵاتییانی شاری مەریوان و سنە کاردانەوەی بەرینی لێکەوتەوە.

دوو ڕۆژ پاش کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و شوورای شارو دێ لە ئێران، دەزگای قەزایی بڕیاری جێبەجێ کردنی حوکمی لە سێدارەدانی لاوێکی خەڵکی شاری مەریوانی دەرکرد.

\"\"بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لە شاری مەریوان و سنە کاردانەوەی بەرینی چالاکانی مەدەنی و هاووڵاتییانی ئەم دوو شارە و بنەماڵەی هێمن مستەفایی لێ کەوتەوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، ژمارەیەک لە هاووڵاتییان و چالاکانی مەدەنی لە بەرانبەر دەرگای زیندانی ناوەندی شاری سنە کۆبوونەوە و داوکاری ڕاگرتنی ئەو حوکمە بوون.

هەوڵە بەردەوامەکانی چاکالانی مەدەنی و هاووڵاتییان لە شاری سنە بوو بە هۆی جێبەجێ نەکردنی حوکمی ئێعدامی ئەو لاوە کوردە.

هێمن مستەفایی خەڵکی شارۆچکەی کانی دیناری سەر بە شاری مەریوانە و لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩١ی هەتاوی بە تۆمەتی محاربە و کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی خۆجیی سپای پاسداران دەستبەسەرو دواتر لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری سنە بە ئێعدام مەحکووم کرا.