٢ هاووڵاتیی کورد لە شاری ورمێ دەستبەسەر کران

13:49 - 26 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتیەکانی شاری ورمێ، ٢ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان بەهۆیەکی ناروون دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان راگواستووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا ٢ هاووڵاتیی بەناوەکانی \"حەسەن جەلالی\" ناسراو بە(حەسەن ماکۆیی) و \"خالس عەبدی\" تەمەن ٣٩ ساڵ و کوڕی محەممەد و خەڵکی شاری ورمێ، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەرەرای بدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵایانە لەمەڕ چارەنووسی رۆڵەکەیان، هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەستبەسەر کردن و شوێنی راگیرانی ئەو هاووڵاتییە کوردانە لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەهەواڵنێری کوردپای راگەیاند، هێزە ئیتلاعاتی و ئینتزامییەکان بە مەبەستی رێگری لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکانی جەژنی نەرۆز بە نێو شاری ورمێ و ناوچەکانیدا بڵاو بوونەتەوە و وێڕای پشکنینی ماڵی هاووڵاتیان، هەڕەشەیان لێ دەکەن، کە لە ئەگەری بەڕیوەبردنی جەژنی نەورۆز بەرەوڕووی زیندان دەبنەوە.

لەلایەکی دیکەوە و بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، ئیدارەی ئەماکنی شاری پاوە، سەرجەم دێهیار و شۆرای گوندەکانی دەورو بەری ئەو شارەیان بانگهێشتی فەرمانداری کردووە و پێیان ڕاگەییاندوون کە نابێ رێوڕەسمی جەژنی نەورۆز لە گوندەکان بەڕێوە بچێت و تەنانەت پێوستە ڕێگری لە هەڵپەرکێی کچان و کۆڕانیش بەو بۆنەیەوە بکەن.

هەر لەو پەیوەندییەدا ڕێکه‌وتی ٢٣ی رەشەممە کۆمەڵێک لە لاوان و که‌سایه‌تیی گونده‌کانی \"بێکۆس، جه‌ڵدیان و بادیناوێ\"ی سەربە شاری پیرانشار بانگهێشتی حیفازەت – ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامی کرابوون و به‌رەوڕووی هەڕەشە و لێدان بوونەتەوە و بەڵێنیان لێ ئەستاندوون که‌خۆیان له‌به‌ڕێوه‌بردنی جەژنی نەورۆز ببوێرن.