٤ هاووڵاتیی کورد لە شاری سەوڵاوا دەستبەسەر کران

17:06 - 9 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ٤ هاووڵاتی کوردیان لە ناوچەی \"شامیان\"ی سەربە شاری سەوڵاوا دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٥ی بانەمەڕ چوار هاووڵاتیی خەڵکی گوندی \"دەگاگا\"ی ناوچەی شامیانی سەربە شاری سەوڵاوا، بەناوەکانی \"رۆحوڵڵا حەیدەری، ئاوات حەیدەری، کاروان حەیدەری و ئەحمەد حەبیبی\" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەهەواڵنێری کوردپای راگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان وێڕای بێ‌حورمرتی کردنی بە دانیشتوانی گوندی دەگاگا، ماڵی هاووڵاتییانی ئەو گوندەشیان بە وردی پشکنیوە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەستبەسەر کردن و شوێنی راگیرانی ئەو ٤ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی گوندی دەگاگا، لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ماوەی ٤٠ رۆژی رابردوودا ٢٤ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بەسەرنجدان بە رەوتی دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییانی کورد و دۆخی ئەمنیەتیی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بیت.