٤ هاووڵاتیی کورد لە زیندانی دەریای ورمێ، لە سێدارە دران

16:37 - 11 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: حوکمی لە سێدارەدانی چوار زیندانیی کورد لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەبەندیخانەی ناوەندی ورمێ، جێبەجێ کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، چوار هاووڵاتیی کورد لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، لە سێدارە دران.

دەزگا قەزایی‌یەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، تاوانی ئەو هاووڵاتییانەیان بازرگانی بە مادە سڕکەرەکان راگەیاندووە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ شوناسی ئەو چوار کەسەی محەممەد رەشید، حەبیب و ئەردەڵان راهدار خەڵکی شارەکی ئیسلام ئابادی ورمێ و شێرزاد رەشیدی خەڵکی ئاوایی \" کلهر\"ی سەر بە بەخشی مەرکەزی ورمێ راگەیاندووە.

\"26793.jpg\"
ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، بە بەردەوامی رەخنەیان لە رێژەی زۆری لە سێدارەکان، لە ئێراندا گرتووە.

بەپێی ئامارە نیوەفەرمییەکان، نزیک بە ٧٠%ی سێدارەکان لە ئێران پێوەندیدار بە بازرگانی‌کردن بە مادە سڕکەرەکانن.