٧ هاووڵاتیی شنۆیی بە شێوەی مەرجدار لە زیندان ئازاد کران

11:37 - 29 سەرماوەز 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی سەرماوەز، ٧ زیندانی سیاسیی کورد بە ناوەکانی "محەممەدئەمین قازی، کامیل ئەحمەدی خانلەر، کوورش عەزیزی، یووسف ئەحمەدی، ئەبووبەکر میناپاک، تەیب بامروەت و مەغدید محەممەدزادە" بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی شنۆ ئازاد کران.

ئەو ٧ زیندانییە سیاسییە کوردە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، دوو جار بە پێبەندی ئێلێکترونیکی ئازاد کرابوون و دوایی بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرابوون.

ئەو حەوت زیندانییە سیاسییە کوردە، سەرەتای مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٨، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەمەیان، ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرابوون.

مانگی خەرمانانی ساڵی ٩٨، ئەو ٧ هاووڵاتییە هەر کامیان بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری شنۆ و بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ و لێکۆڵێنەوەی مەئموورانی قەزایی، بە ٤ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوون.

دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری شنۆ، بە پشتبەستن بە مادەی ٤٩٩ لە بەشی تەعزیراتیی سزاکانی یاسای سزای ئیسلامی، ئەو حوکمەی بە سەر ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردەدا، سەپاندبوو.

ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردە بە پشتبەستن بە ئەسڵی ٣٧ی یاسای بنەڕەتی و مادەی ٤ی یاسای ئایینی دادڕەسی بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی نێوخۆیی و پڕۆپاگەندە لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران"، بێتاوان ناسرابوون.

حوکمی داسەپاو دژی ئەو هاووڵاتییانە لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، لە چوار ساڵەوە بۆ سێ ساڵ کەم کرابووە.