٢٢ هاووڵاتیی دیکە لە زیندانی ئەردەبیل ئێعدام دەکرێن + ئامار

23:11 - 19 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی گشتیی دادگوستەریی ئەردەبیل رایگەیاندووە ٢٢ هاووڵاتیی دیکە لە زیندانی ناوەندیی شاری ئەردەبیل ئێعدام دەکرێن.

ماڵپەڕی دادگوستەریی ئوستانی ئەردەبیل لە زاری \"غوڵامعەلی رەزایی\" بەرپرسی گشتیی دادگوستەریی ئەو ئوستانەوە بڵاوی کردەوە، لە چەند رۆژی دادهاتوودا حوکمی ئێعدامی ٢٢ کەسی دیکە لە زیندانی ناوەندیی ئەردەبیل بەڕێوە دەچێت.

لە ماوەی ٤ رۆژی رابردوودا ٩ کەس لە زیندانی ناوەندیی ئەردەبیل بە تاوانی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان ئێعدام کران کە یەکێک لەو ئێعدام کراوانە بەناوی \"هەمزە سەبووری\" كوڕی كەریم\" هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری ورمێ بوو.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، تەنیا لە ماوەی ٥ رۆژی رابردوودا ٤٨ هاووڵاتی لە زیندانەکانی \"قەزوێن، زاهیدان، ورمێ، ئەردەبیل و کرماشان\"دا بەتاوانی جۆراوجۆر ئێعدام کراون.

بەپێی ئەو ئامارە و لەکۆی ئەو ٤٨ ئێعدام کراوە ٥ کەسیان ژن و هەروەها ٥ کەسیشیان هاووڵاتیی کورد بوون.

ئەو ئامارە رێژەییەو بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بەسەرنجدان بە ئێعدام کردنی نهیێنیی زیندانیان و نەبوونی میدیای ئازاد لە نێوخۆی وڵاتی ئێران بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئێعدام کردنی زیندانیان، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بیت.