٤٠ هاووڵاتیی تووشبوو بە کۆرۆنا بەهۆی نەبوونی پارە لە نەخۆشخانەکانی مەهاباد و ورمێ ڕاگیراون

11:39 - 11 رەزبەر 2720

نوێنەری مەهاباد لە مەجلیسی شورای ئیسلامی لە وتووژێک لەگەڵ هەواڵدەریی "فارس" ڕایگەیاندووە: "٤٠ کەس لە هاووڵاتییانی تووشبوو بە نەخۆشیی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی مەهاباد و ورمێ، بەهۆی تێچووی زۆری چارەسەریی نەخۆشەکان و بێتوانایی لە دانی ئەو پارەیە لەلایەن بنەماڵەی تووشبووانەوە، بەرپرسانی ئەو دوو نەخۆشخانەیە نەخۆشەکانیان زیندانی کردووە و مەرەخەسیان ناکەن".

ئەو نوێنەرەی مەجلیس هەروەها ڕایگەیاندووە: "٦٠ کەس لە هاووڵاتییانی تووشبوو بەڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی خومەینی لە شارەکانی مەهاباد و ورمێ خەوێندراون کە تێچووی هەر نەخۆشێک لەنێوان ١٠ هەتا ٤٠ ملیۆن بەراورد کراوە کە ٢٠ کەسیان مەرەخەس کراون و ٤٠ کەسیان بەهۆی نەبوونی پارە لە نەخۆشخانە ڕاگیراون".

زیادیشی کردووە: "زۆربەی ئەو کەسانە ئەندامی کۆمیتەی ئیمداد یان ڕێکخراوی بێهزیستی یان بێسەرپەرستن".

ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەیدا ئاماژەی بە ژنێکی دووگیانی کۆرۆنایی کردووە کە ئیزنی مەرەخەسییان پێی نەداوە و ڕایگەیاندووە: "ژنێکی دووگیانی دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانی سەردەشت کە تووشی کۆرۆنا ببوو، ٤ ڕۆژ پێش دەبا لە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ مەرەخەس کرایەت، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەی دەوا و دەرمانی نەخۆشخانە، بە زۆرەملێ ڕاگیراوە. لەلایەکی دیکەوە هاووڵاتییەکی دیکە بۆ تێچووی پارەی نەخۆشخانە گوارەی کچە تەمەن سێ ساڵانەکەی فرۆشتووە هەتا ئیزنی مەرەخەسکردنیان پێ داوە".