هاوولاتییەکی سەردەشتی بەهۆی تەقینەوەی مین، دەست و لاقی پەڕی

14:37 - 2 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی سەردەشتی، بەهۆی مینی چیندراوی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و ئێراق لە سنووری قاسمەڕەش، بە توندی بریندار بووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد، بەهۆی کەوتنە سەر مینی چێندراوی ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت، هەر دوو دەست و لاقی پەڕی.

هەواڵنێری کوردپا لە ناوچەی سەردەشت، شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی، ئەحمەد رەسووڵی و خەڵکی گوندی \"هیلوێ\"ی ناوچەی نەڵاسی سەردەشت، راگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە، ئەو هاووڵاتییە وکردە، لە سنووری قاسمەڕەشی سەردەشت تووشی ئەو رووداوە بووەو لە ئەنجامدا دەست و لاقەکانی پەڕیون.

ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردەوە؛ ئەحمەد رەسووڵی بۆ چارەسەریی پزیشکی، رەوانەی نەخۆشخانەی شاری سەردەشت کراوەو باری تەندروستییەکەی ناجێگیرە.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای وەرزی زستانی ئەمساڵەوە هەتا ئیستا ١٠ هاووڵاتیی کورد بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێراندا کوژراو و بریندار بوونە.