نەوسوود/ تەقە کردن لە کۆڵبەرانی سەرسنووور شەڕ و ئاڵۆزی لێکەوتەوە

15:47 - 4 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: بەزاندنی سنوور لەلایەن ‌هێـزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە و تەقە کردن لە کۆڵبەران و کوشتنی ئەسبی کاسبکاران، گرژی و ئاڵۆزی بەدواوە بوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی چوارشەممە رێکەوتی ٢ی گەلاوێـژ هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێـران بە پەڕینەوە لە خاڵە سنوورییەکانی شاری نەوسوود بەرەو هەرێمی کوردستان، لە ناوچەی \"دەرەتفێ\" کۆڵبەران و کاسبکارانی کوردیان دایە بەر دەستڕێژی گولـلە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەدا ئەسپی بارهەڵگری کاسبکارێکی کورد بەناوی \"عوسمان مەحموودی\" خەڵکی گوندی \"نەیسانە\" بە کوشت چووە.

سەرچاوەکە راشیگەیاند؛ تەقە و دەستڕێژیی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، پەرچەکرداری کۆڵبەران و کاسبکارانی لە خاڵی سنووریی نەوسوود بەدواوە بوو.

بەهۆی نەبوونی ژێرخانی ئابووری و سەرمایەگوزاریی حکوومی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران، هاووڵاتییانی کورد بۆ دابین کردنی بژیویی ژیانیان روو لە کۆڵبەری و کاسبی کردنی سەرسنوورەکان دەکەن و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.

لەلایەکی دیکەوە زۆر جار ئەسبی بارهەڵگری کاسبکاران، لەلایەن هێــزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێـرانەوە دەکوژرێن.