نەخدینەیی ئێران بەردەوامە لە ڕێکۆردلێدان

14:14 - 26 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: جارێکی دیکەش ڕێژەی نەخدینەیی لە ئێران ئابووریناسانی تووشی شۆک کرد.

نوێترین ئاماری بانکی ناوەندیی حکومەتی ئیسلامیی ئێران باس لە بەرزبوونەوەی دووبارەی ڕێژەی نەخدینەیی لە مانگی گەلاویژ بە ڕێژەی ١٠٩٩ هەزار میلیارد تمەن دەکات.

بەپێی ئەم ئامارە نوێیەی بانکی ناوەندی، نرخی نەخدینەیی لە مانگی گەلاوێژدا(١٤٧٤٩هەزار میلیارد ڕیاڵ) بە بەراورد لەگەڵ مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو، ١/٨% بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە.

یەکێک لە بەڵێنییەکانی دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە، دابەزاندنی نرخی نەخدینەیی بووە کە بڵاوبوونەوەی ئەم ئامارە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە دەوڵەتی ناوبراو نەیتوانیوە ئەم بەڵێنییەش بباتە سەر.

هەندێک لە کارناسان و ئابووریناسان پەرەسەندنی ڕۆژانەی ئەم دیاردە ئابوورییە بە \"سۆنامیی دراو\" وەسف دەکەن کە دەبێتە هۆی تێکچوونی یەکجارەکیی ئابووریی ئێران.

ڕێژەی نەخدینەیی لە پوشپەڕی ساڵی ٩٢دا، ٤٧٦ هەزار میلیارد تمەن بوو؛ واتە پاش ٣ ساڵ ئەم ڕێژەیە لانیکەم ٢ قات زیادی کردووە.

ماڵپەڕە فەرمییەکانی حکومەتی ئیسلامیی ئێران باس لەوە دەکەن کە؛ دەوڵەتی یازدەیەم لە تەمەنی خۆیدا لانیکەم ٣٨ هەزار میلیارد تمەن پارەی نوێی ڕژاندووەتە بازاڕ کە دەکاتە، لەساڵدا ٢١٩٠ میلیارد تمەن، و لە هەر ڕۆژێکدا ٦ میلیارد تمەن، کە ئەمە بە واتای خوڵقاندنی نەخدینەیی ١٥٤٧٦٠ میلیارد تمەنی لە ساڵدایە.

بڵاوبوونەوەی ئەم ئامارانە لەکاتێکدایە کە بەشێکی بەرچاو لە لێپرسراوانی حکومەتی ئامادە نین دان بە ڕاستییە ئابوورییەکانی ئێراندا بنێن و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان کە بڕوا بە خەڵک بهێنن دۆخی ئابووری زۆر باشە!