نەبوونی کەرەستەی دەرمانی و گوشار بۆ سەر کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی مەریوان

12:46 - 5 رەزبەر 2720

نەبوونی کەرەستەی پزیشکی و پێداویستیەکانی پێشگری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و پرتووکاویی پێداویستییەکان لە نەخۆشخانەکانی مەریوان ماندوویەتی و ناڕەزایەتیی کادری دەرمانی، پزیشک و پەرستارەکانی لێکەوتووتەوە.

نەبوونی کەرەستەی پزیشکی کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوە ڕێژەی تووشبووانی کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانە مەریوان هەبووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نەخۆشخانەی مەریوان هەر بەشێک بۆ خۆی ئیستۆکی دارویی هەیە کە ڕۆژانە دەبێ دەرمان و جلوبەرگی یەکجار مەسرەف و دەمامک، کڵاو و دەستەوانە و هتد لە ناوەندی دەرمانیی ئیستۆکی بەشەکان پڕ بکرێتەوە و هیچ کەموکۆڕی نەبێ، چە کەرەستەی پێشگیری چ دەرمانی، بەڵام ماوەیەکە ئیستۆک خاڵی دەمێنێتەوە ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی مەریوان.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاندووە، تەنانەت لە بەشی ئێمە چوار پەرستار و پزیشکێک تووشی کۆرۆنا بوونه و ئیزنی دابڕگەشیان بەهۆی نەبوونی هێزی کار نییە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بە دۆخی خراپی کادرە دەرمانییەکان و گوشار لە سەریان بەهۆی ڕێژەی زۆری تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کردووە و ڕایگەیاندووە ئەو پەرستار و بێهیارانە وەکوو هێزەی کاری تاقیکاریی لە کاتی هاتنی کۆرۆنا دامەزرابوون، هەنووکە بێکارن.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، یاساییەک هەیە کە هەر کەسێک ٩٠ ڕۆژ لە نەخۆشخانە کار بکات دەبێت بیمە بکرێن، بەڵام بەرپرسانی نەخۆشخانە، پاش ٨٩ ڕۆژ کارکردن، ئەو کەسانە لە سەر کارەکانیان دەردەکەن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەروو، سەرەڕای تووشبووانی ژمارەیەک لە کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی مەریوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەرپرسانی نەخۆشخانە ئیزنی دابڕگەیان بەهۆی گوشاری کارییەوە پێی نادەن و ئەمەش ناڕەزایەتی پەرستارەکانی لێکەوتووەتەوە.