نیگەرانیی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان لە هەمبەر بارودۆخی چالاكانی كوردی مەحكووم بە ئیعدام

14:24 - 16 بانەمەڕ 2712
كوردپا: رێكخراوی پشتیوانی لە مافی مرۆڤی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا نیگەرانیی خۆیان لەمەڕ چالاكانی كوردی مەحكووم بە ئیعدام و بەتایبەتیی شێركۆ مەعارفی و حەبیبوڵڵا گوڵپەڕی‌پوور دەربڕی.

نوسخەیەك لە بەیاننامەی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا گەیشتووە.
دەقی بەیاننامەكە:
ویژدانە زیندووەكان بۆ رزگار كردنی گیانی چالاكانی كوردی مەحكووم بە ئیعدام بەرپرسیارانە بجووڵنەوە.

چالاكانی كوردی مەحكووم بە ئیعدام كەلە زیندانەكانی سنە، تاران و ورمێ‌ و شارەكانی دیكە لە باردودۆخێكی زۆر نالەبار دان و لەو نێوەشدا بارودۆخی جەستەیی شیركۆ مەعارفی كەلە حاڵی حازردا مانی لە خواردن گرتووە و هەروەها بارودۆخی حەبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور كەلە زیندانی سمنان دایە، نێگەرانییەكی بەرچاوی لای ئێمە درووست كردووە.

رێكخراوی پشتیوانی لە مافی مرۆڤی كوردستان وێڕای ئاماژە دان بە ئیعترازی چەند بارەی خۆی بە شێوازی بەدواداچوون و دەركردنی حوكمی ئیعدام و بەپێی ئەوەی كە لێپرسراوانی قەزایی بە كردەیی هیچ بایەخێكیان بە ئیعتراز و رەخنەكانی چالاكانی مافی مرۆڤ و هەروەها بەدواداچوونەكانی ئێمە و پارێزەرەكانی ئەو چالاكانە نەداوە، داوا لە سەرجەم ناوەندەكانی مافی مرۆڤ و ویژدانە زیندووەكان دەكەین كە لەمەڕ گیانی چالاكانی كوردی مەحكووم بە ئیعدام كە بریتین لە: شێركۆ مەعارفی، لوقمان مورادی، زانیار مورادی، حەبیوڵڵا گوڵپەڕی پوور، حەبیوڵڵا لەتیفی، رەشید ئاخكەندی، بهرووز ئالخانی، رزا ئیسماعیلی، حەبیب ئەفشاری، عەلی ئەفشاری، سەید سامی حوسێنی، یاوەر رەحیمی، ئەسغەر رەحیمی، بێهنام رەحیمی، موختار رەحیمی، بەهمەن رەحیمی، مەردان مەلەكی، ئەنوەر رۆستەمی، مستەفا سەلیمی، حەسەن تالعی، عەزیز محەممەدزادە، سەید جەماڵ محەممدیف، ئیبراهیم عیساپوور و سیروان نژاوی بەرپرسیارانە بجووڵنەوە.

رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان
16‌ی بانەمەڕی 1391‌ی هەتاوی