نوێنەرێكی مەجلیسی ئێران: یاسایەك بۆ پێشگیری لە بە شوو دانی كچانی خوار تەمەن 10 ساڵ نیە

14:51 - 15 بەفرانبار 2711
كوردپا: نوێنەر و ئەندامی كۆمیسۆنی قەزایی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لەمەڕ بە شوودانی كچانی هورمزگانی وتی: لە ئێران یاسایەك بۆ بەرگری لە زوو بە شوودانی كچانی خوار تەمەن 10 ساڵ نیە و باڵغ بوون، حوكمی شەرعی و مەرجی سەرەكییە.

نیرە ئەخەوان بیتەرەف، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی پانا لەمەڕ بە مێرد دانی كچانی خوار تەمەن 10 ساڵ كە حەفتەی پێشوو لە هورمزگان روودی دا، رایگەیاندووە:\" بەگشتی ناكرێ‌ رێگاچارەیەك بۆ ئەم بابەتە ببینینەوە، چونكە پێشگرتن بەم كارە لەگەڵ شەرع لە ناتەبایی دایە و لەوانەیە كچێكی خوار تەمەن 10 ساڵ بە تەواوەتی لەباری جینسی و فكرییەوە كامڵ بێت\"!

ئەو ئەندامەی مەجلیسی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران ئەوەشی خستۆتە روو، ئەگەر منداڵێكی خوار تەمەن دە ساڵ باڵغ بووبێت بەربەستێك بۆ مێرد كردنی نیە، بەڵام بە پێچەوانەكەی دەبێ‌ پێشی پێ‌ بگیرێت.

حەفتەی رابردوو بەرپرسی گشتیی ئیداری سەبت ئەحواڵی پارێزگای هورمزگان هەواڵی بە مێرد دانی 5 منداڵی خوار تەمەن 10 ساڵی راگەیاند.

ساڵانە لە ناوچە جیاجیاكانی ئێران دیاردەی بە مێرد دانی كچانی كەم تەمەن روو دەدات و هەتا ئێستاش هیچ یاسایەك لەلایەن ناوەندە قەزاییەكانی ئێرانەوە بۆ پێشگیریی ئەو دیاردەیە رەچاو نەكراوە و ئێستاش باڵغ بوون و حوكمی شەرعی یەكێك لە مەرجەكانی پێكەوە نانی ژیانی هاوبەشە بۆ كچان لە ئێران.

بەپێی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ و راگەیەندراوی جیهانیی مافی منداڵان، هەموو كەسێك هەتا تەمەنی 18 ساڵی بە منداڵ دێتە ئەژمار و دبێ‌ خاوەنی هەموو مافێك بێت و نابێ‌ بە زۆرەمڵی و لەژێر زەخت و گوشاردا كاریان پێ‌ بكرێت و بە مێرد بدرێن یان بۆ كاری نایاسایی بەكار بهێنرێن.