نوێنەرێكی مەجلیس: یاسای قەدەغە كردنی ماهوارە لە ئێران كاریگەریی نەماوە

15:38 - 8 بانەمەڕ 2712
كوردپا: وتەبێژی كۆمیسیۆنی كۆمەڵایەتیی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، یاسای قەدەغە كردنی ماهوارە هیچ كەڵكێكی نەماوە و باشتر وایە ئەو یاسایە هەڵبوەشێتەوە.

سەیید جەواد زەمانی وێڕای ئاماژە بە تەرحی كۆكردنەوەی ماهوارە لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانەوە وتی: ئەو گەڵاڵەیە ناڕەزایەتیی بەرچاوی لای هاووڵاتییان درووست كردووە و باشتر وایە هەڵبوەشێتەوە.

ئەو نوێنەرە وتیشی: لە حاڵێكدا كە زانست و زانیاری بە خێرایەكی زۆرەوە بەرەو پێش دەچێت، چیدیكە ئەو گەڵاڵانە وڵامدەر نین.

جەواد زەمانی ئەوەشی خستە روو، بەرنامەكانی دەنگ و رەنگی ئێران زیاتر باس لە كێشە و زیاتر لایەنی ئایینییان پێوە دیارە و بەرنامەی سەرنجڕاكێشیان زۆر كەمە.

هەر لەو پێوەندییەدا لێپرسراویك لە دەنگ و رەنگی حكوومەتی ئێران رایگەیاندووە، لە سەدا 50‌ی هاووڵاتییان كەڵك لە بەرنامەكانی ماهوارە وەردەگرن.

ئەم لێدوانانە لە كاتێك دان كە پێشتر لێپرسراوی هێزی ئینتزامیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران ئاشكرای كردبوو، تەرحی كۆكردنەوەی ماهوارە سەركەوتنی باشی بەدەستهێناوە و ئەم كارە بۆتە هۆی ئەوەی كە هێزی ئینتزامی لەناو خەڵكیدا خۆشناو بێت.