٢٥٠ نوێنەری مەجلیسی یاسادانانی ئەمریکا، لەمەڕ رێکەوتنی ناوکی لەگەڵ دەوڵەتی ئێران هۆشداری دەدەنە ئۆباما

20:29 - 23 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: حەفتەیەک پاش لە ناردنی نامەی سەناتۆرانی کۆماریخواز بۆ لێپرسراوانی حکوومەتی ئیسلامی، هەنووکە دەیان ئەندامی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ باراک ئۆباما، خوازیاری دەستێوەردانی کۆنگرە لە ئەگری رێکەوتن ئەمریکا لەگەڵ حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٢٥٠ نوێنەری مەجلیسی یاسادانانی ئەمریکا، لە نامەیەکدا پشتیوانیی خۆیان لە نامەی چەند رۆژ پێس ئێستای ٤٧ سەناتۆری ئەمریکایی بۆ رێبەرانی حکوومەتی ئیسلامی، دەربڕی.

حەفتەی رابردوو ٤٧ نوینەری کۆماریخواز و دێمۆکراتی ئەمریکا لە نامەیەکدا روو لە لێپرسروانی دەوڵەتی ئیسلامیی ئیران، رایانگەیاندبوو؛ \"هەر چەشنە رێکەوتنێکی ناوکی لەگەڵ ئێران، پاش تەواوبوونی ماوەی سەرکۆماریی ئۆباما، هەڵدەوەشێتەوە\".

لەم نامەیە نوێیەدا کە ئەمڕۆ بەیانی بڵاوبۆتەوە، ٢٥٠ کەس لە نوێنەرانی هەر دوو حیزبی دێمۆکرات و کۆماریخواز لە کۆنگرەی ئەمریکادا واژۆیان کردووەو داوایان لە ئۆباما کردووە کە وڵامدەری پرسە گرینگ و هەستیارەکان بێت.

ئەد روییس، بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی مەجلیسی نوێنەران و ئەلیویت ئەنگل، یەکێک لە واژۆکارانی ئەو نامەیە رایەگیاندووە؛ کە لە ماویە داهاتوودا دەقی ئەو نامەیە پیشکەشی ئۆباما دەکرێت.

ژمارەی ئەندامانی مەجلیسی یاسادانانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ٤٣٥ کەسە.

هەواڵدەریی نیوەفەرمیی، فارس بە پشت بەستن بە هەواڵی \"واشنتۆن ئیگزاماینر\" بڵاوی کردەوە: کۆنگرە دەبێ لەکاتی پێداچوونەوە بەو رێکەوتننامەیەدا، دەبێ بێتە سەر ئەو قەناعەتەی کە بەپێی ئەو رێکەوتن‌نامەیە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی سنووردار بکاتەوە و تەنیا لەو حاڵەتەدایە کە کۆنگرە دەتوانێ بەرنامەی لابردنی گەمارۆکانی سەر ئێران بخاتەوە رۆژەڤەوە.

ئۆباما لەو باوەڕەدایە کە هاتنە ئارای رێکەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران و جێبەجێ کردنیشی پێویستیی بە پشتڕاست کردنەوەی کۆنگرە نییە و سەرکۆمار بە تەنیا دەسەڵاتی تەئید کردنی ئەو رێکەوتننامەیەی هەیە.

\"25398.jpg\"
جانی کیری: ئەگەر لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامیی ئێران نەگەینە رێکەوتن، چەندین رێکاری دیکە دەگرینە بەر
لەلایەکی دیکەوە، کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی یاسادانانی ئەمریکا بە مەبەستی تاوتوێ کردنی رەوتی دانوستانەکان، رۆژی پێنج‌شەممە، رێکەوتی ٢٨ی ئەم مانگە دانیشتنێک لەمەر گوێبیست بوون لە را و بۆچوون یەکتر بەڕێوە دەبەن.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کەلە ئێستادا لە وڵاتی میسرە، لە کۆنفڕانسیکدا رایگەیاندووە: سەرەڕای بەرەوپێشڤەچوونەکان لە دانوستانەکان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامیی ئێراندا، هەتا ئێستاش \"کەلێنی گەورە\" بەدی دەکرێت.

جانی کیری گوتووشیەتی: ئەگەر لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامیی ئێران نەگەینە رێکەوتن، چەندین رێکاری دیکە دەگرینە بەر.

وتەکانی جان کیری چەند کاتژمێر پاش وتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاتۆتە گۆڕێ، کە جەینیفر ساکی گوتوویەتی: تەنانەت لە ئەگەری پەسند کرانی بڕیاری لابردنی گەمارۆکانی سەر دەوڵەتی ئیسلامیی ئێران لەلایەن شۆرای ئەمنیەتەوە، ئەمریکا پێویستیی بە هەڵگرتنی گەمارۆ یەکلایەنەکانی سەر ئێرانی نییە.

هاوکات هەواڵدەریی تەسنیم بڵاوی کردۆتەوە، کە لێپرسراوێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاندووە: ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک پێویستیی بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رێکەوتنێکی بەهێز لەگەڵ ئێران لەسەر بەرنامەی ناوکیدا نییە.

لە دەوڵەتی ئیسلامیی ئێرانیشدا، باڵی توندئاژۆ رەخنە لە دانوستانە ناوکییەکان دەگرن و لەو پەویەندییەدا حوسین شەریعەتمەداری نوینەری خامنەیی لە رۆژنامەی کەیهاندا لە سەروتاری رۆژی شەممەی ئەم حەفتەی ئەو رۆژنامەیەدا، رێکەوتنی ناوکیی بە \"نامومکین\" وەسف کرد.

پاساوی سەروتارنووسی رۆژنامەی کەیهان ئەوە بووە کە \"لە روانگەی ئەمریکا و هاوپەیمانانییەوە پرسی ناوکی درێژەی ناکۆکیی سێ و چەند ساڵەیە، کەوابوو هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان، کە ئێمە لەو دانوستانانەدا هەوڵی بۆ ئەدەین، وەکوو ئەوە وایە کە چاوەڕوانیمان لە لایەنی بەرامبەرمان هەبێ کە لەشەڕ لەگەڵ ئێراندا چەکە پێشکەوتووەکانی خۆی دابنێ، کە بە هیچ شێوەیەک ئەو داوایە سەر ناگرێ\".

خولێکی دیکەی دانوستانە ناوکییەکان، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٤ی رەشەمە لە شاری لۆزانی سویس و بە بەشداریی وەزیرانەی دەرەوەی ئەمریکا و دەوڵەتی ئیسلامیی ئێران دەست پێدەکاتەوە.