نوێنەرانی كوردی مەجلیسی ئێران نامەیەكیان پێشكەش بە بان كی مۆن كرد

18:36 - 12 بەفرانبار 2711
كوردپا: فراكسیۆنی نوێنەرایەتیی كورد لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لە نامەیەكدا بۆ سكرتێری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، كوژرانی بە كۆمەڵی هاووڵاتیانی شرناخیان لەلایەن حكوومەتیی توركیەوە ئیدانە كرد.

هەواڵدەریی میهر لەزاری ئیقبال محەممەدی لێپرسراوی فراكسیۆنی كوردەكان لە مەجلیس بڵاوی كردەوە، ئەمرۆكە تەواوی مانشیتی رۆژنامەكان و سەرتیتری هەواڵی راگەینەكان شتێك بێجگە لە كوژرانی خەڵكی بێ‌دیفاعی كوردستانی توركیە نیە و جارێكی دیكە دەستی تاوان بە خوێنی كوڵبەرانی كوردی كوردستانی توركیە سوور بوو.

محەممەدی وتیشی لە درێژەی نامەكەماندا نووسیومانە ، دەوڵەتی توركیە لە حاڵی حازردا لە بواری پاراستنی مافی هاووڵاتیانی كوردی ئەو وڵاتەدا لەگەڵ كێشە بەرەو ڕوویە و ئەو پرسیارە لە هزری زۆر كەسدا بیچمی گرتووە كە ئاخۆ توركیە بەو كردەوانەی دەتوانێت لە ناو كۆمەڵگایی نێودەوڵەتیدا جیگای ببێتەوە.

لەو نامەیەی نوێنەرانی كورددا، داوا لە بان كی مۆن سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كراوە، كە لێكۆلینەوە لەو رووداوە دژە مروڤایەتییە بكەن و بۆ روون بوونەوەی زیاتری ئەو مەسەڵەیە كومیتەیەكی بێ‌لایەن بۆ بەدوادا چوون بە پرسی كوژرانی بە كۆمەڵی هاووڵاتیانی شرناخ پێك بهێنێت.