نووسەرێکی کورد لە تەمەنی ٩٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد

12:46 - 19 رەزبەر 2720

ڕۆژی شەممە ١٩ی ڕەزبەر شاعیر و نووسەری کورد "عەلی عەبدوڵا سۆفی محەممەد" ناسراو بە "مامۆستا ع.ع شەونم" لە تەمەنى ٩٥ ساڵیدا کۆچى دوایی کرد.

مامۆستا "ع.ع شەونم" لە ساڵى ١٣١٤ لە هەڵەبجە لەدایک بووە و دەرچووی خانەى مامۆستایانى بەغدایە و یەکەم بەرهەمی نووسینی لە ساڵی ١٣٣٢ لە گۆڤاری گەلاوێژ بڵاو بووەتەوە.

ئەو نووسەرە خاوەن ٤ کتێبە لە بواری ئەدەبی کوردیدا، بەتایبەت شیعر و مەتەڵی کوردەواری و خاوەنی چەندین خەڵاتی ڕێزلێنانە و بەشێکی زۆری نووسینەکانی کراوە بە سروود و گۆرانی.

"ع.ع شەونم" تەنها شاعیر نەبووە، کەسێکی دەنگخۆش، ئاوازدانەر، شێوەکار، خۆشنووس، مێژونووس و شارەزا بووە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسیدا.

مامۆستا "عەلی عەبدوڵا سۆفی محەممەد" خاوەنى سروودى "جەژنە جەژنی کوردستانە جەژنی نەورۆزە، بە تیشکی ئاگر ئەنووسم جەژنە پیرۆژە" کە ئاوازەکەشی هەر خۆى دایناوە.