نووسەرێکی مەهابادی سەرلە نوێ رەوانەی زیندان کرایەوە

13:38 - 8 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: نووسەر و شاعیرێکی مەهابادی بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد گەرێندرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەعقووب خزری چالاکی فەرهەنگی و خوێندکاری کە جۆزەردانی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی هاورێ لەگەڵ چەند لە رۆژنامەنووسان و چالاکانی خوێندکاریی شاری مەهاباد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران بۆ تێپەڕاندنی ماوەی ١ ساڵ و نیو زیندانی تەعزیری، رەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد کرایەوە.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە مانگی سەرماوەزی ساڵی رابردوو بە تاوانی \"پێکهێنانی کۆبوونەوە بەدژی نیزام و هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی\" لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بە ٣ ساڵ و نیو زیندان مەحکوم کرا کە ٢ ساڵ لە حوکمەکەی بۆ ماوەی ٥ ساڵ بە شێوەی هەڵپەسێراو بوو.

\"12293.jpg\"
یەعقووب خضری, چالاکی فەرهەنگی و خوێندکاری
یەعقووب خزری کە خوێندکاری کارناسیی باڵا و یەکەێک لە بەرپرسانی ئەنجومەنی ئەدەبیی شاری مەهاباد و هەروەها مامۆستای قوتابخانەی دواناوەندیی شاری مەهاباد بوو، بەبڕیاری راستەوخۆی لێژنەی \"پێڕاگەیشتن بە تاوانە ئیدارییەکان\" لەسەر کار دەرکرا.

ئەو وێبلاگنووسە کوردە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٤ی جۆزەردانی ساڵی رابردوو هاوڕێ لەگەڵ \"ئومید قادری ئەقدەم و جەماڵ قادر نژاد\" لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابدەوە دەستبسەر و دواتر بە دانانی بارمتەی ٨٠ میلیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.