نزیک بە ٧ میلیۆن پیشەی نافەرمی لە ئێراندا بوونی هەیە

16:54 - 21 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: عەلی ڕەبیعی وەزیری کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە لە بەرانبەر هەر ٢ پیشەی فەرمی‌دا، پیشەیەکی نافەرمی لە ئێراندا بوونی هەیە.

هەواڵدەریی مێهر لە زاری ڕەبیعییەوە بڵاوی کردەوە؛ لە کۆی ٢٢ میلیۆن پیشە لە ئێران، نزیک بە ٧ میلیۆن پیشەی نافەرمی لەوانە دەسگێڕی بوونی هەیە کە یەکێکە لە ئاسەوارەکانی داتەپینی ئابووری لە ئێراندا.

ناوبراو دەڵێ: هەرچەندە هەژاری لە وڵاتدا زیاد بکات، داهاتەکان کەم دەکات و هەر بەو ڕێژەیەش پیشە درۆیین و نافەرمییەکان پەرە دەستێنن، هەربۆیە دەبینین کە ڕێژەی هەژاری لە شارەکانی ئێران ٥ قات زیادی کردووە.

ئەم قسانەی ڕەبیعی لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە ڕۆژانە لە شارەکانی کوردستان و پارێزگا هەژارەکانی ئێران کە دەرەتانی کار کردن تێیاندا بوونی نییە و خەڵک ناچارن ڕوو لە پیشەگەلی درۆیین بکەن، بەرپرسانی حکوومەتی بە بیانووی جۆراوجۆر بەرەنگاریان دەبنەوە و ڕێگە لە کاسبی کردنەکەیان دەگرن.