نزیك بە 24 هەزار كەسی تووشبوو بە ویرووسی HIV ناسێنراون

15:04 - 29 جۆزەردان 2712
كوردپا: بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران و بەپێی حاڵەتی تۆماركراو لە سێ‌ مانگەی چوارەمی ساڵی 1390 لە وڵات 23 هەزار و 902 كەس تووشی ویرووسی HIV بوون.

بەپێی راپۆرتی ئیدارەی كۆنترۆڵی ئایدز لە وەزارەتی تەندروستیی حكوومەت، هەتا رێكەوتی 1ی بەفرانباری ساڵی 1390، بەگشتی 23 هەزار و 902 كەسی تووشبوو كە تۆمار كراون كە 90%یان لە پیاوان پێكهاتوون و 9 %یشان ژنن.

بەپێی هەمان راپۆرت، 4 هەزار و 562 كەس لەو تووشبوانە مردوون و 5/46% ی ئەو كەسانە لە كاتی تووشبووندا تەمەنیان لە نێوان 25 هەتا 34 ساڵدا بووە.

هەمان راپۆرت ئاماژەی بە هۆكار و رێگاكانی گواستنەوەی ویرووسی HIV كردووە، كە بەپێی هەمان راپۆرت لە نی,َان تەواوی ئەو حاڵەتانەی كەلە ساڵی 1365ەوە هەتا ئێستا لە ئێران تۆمار كراون، بە ریز تەزریق و بەكارهێنانی كەلوپەلی هاوبەش بۆ كێشانی مادە هۆشبەرەكان 7/69%، پێوەندیی جینسی 3/10، وەرگرتنی خوێن 1%، و گواستنەوە لە رێگای دایكەوە بۆ منداڵ 9/0% و هەروەها رێگای گواستنەوەی 18% یشی روون نەبۆتەوە.

لێپرسراوی ئیدارەی ئایدز لە مانگی پووشپەڕی ساڵی پێشوو گوتبووی كە یەكەم شەپۆلی تووشبوان بە ویرووسی ئایدز لە ئێران لە ساڵی 1365ەوە دەستی پێكردووە و لە ماوەی یەك دوو دەیەی رابردوودا شەپۆلێكی بەرین لەناو موعتادانی تەزریقی و زیندانی دسەتی پێكردووە و رێژەیەكی زۆر تووشی HIV بوون.

بە وتەی ئەو لێپرسراوە حكوومەتییە بەراورد دەكرێت 50 هەتا 60 هەزار كەس لە ئێران بە ویرووسی ئایدز ئاڵوودە بن و خۆیان ئاگایان لێ‌ نەبێت و كەسانێكی زۆریش هەن لەبەر باری فەرهەنگی و ئابڕوو حازر نین دان بەنەخۆشیەكەی خۆیاندا بنن.

ساڵی پێشوو مەرزیە وەحید دەستجردی، وەزیری تەندروستیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران هۆشداریی دابوو كەلە ئێران نزیك بە 80 هەزار نەخۆشی تووشبوو بە HIV هەن و بەپێی رەوشی كۆمەڵگا و سەهەڵدانە خەسار و دیاردە كۆمەڵایەتییەكان ئێران لە داهاتوودا لەگەڵ گڕكانی نەخۆشیی ئایدز بەروڕوو دەبێتەوە.