نرخی بێکاری لە ئێران لە سەرووی٣٠%ەوەیە

15:47 - 7 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: ناوەندی ئاماری ئێران بڵاوی کردۆتەوە کە لە ئێراندا ٢ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار بێکار بوونی هەیە، بەڵام ئابووریناسان دەڵێن؛ زیاتر لە ٧ میلیۆن بێکار هەنووکە بوونیان هەیە و ساڵانە ١ میلیۆن کەسی دیکەش پەیوەست بە لەشکری بێکاران دەبن.

حەمید حاج ئیسماعیلی، ئابووریناس و کارناسی بازاڕ، لەمبارەوە بە ڕۆژنامەی \"جهان صنعت\"ی گووتووە؛ ڕێژەی حەشیمەتی چالاکی ئێران لە سەرووی ٢٧ میلیۆن کەسە. لە هەمان کاتیشدا ڕێژەی دەرچوانی زانکۆی کە بێکارن لە سەرووی ١ میلیۆن کەسە. نرخی بێکاری ١٥ تا ٢٩ ساڵی ئێران، ٢٤%ەو نرخی بێکاریی ژنانیش نیزیک بە ٤٠%ە. بەم پێیەش زیاتر لە ٧ میلیۆن کەس لە ئێراندا بێکارن کە دەکاتە زیاتر لە ٣٠%.

بە وتەی ناوبراو زیاتر لە ٦٥%ی یەکە بەرهەمهێنەرەکان لە چەند ساڵی ڕابردوودا داخراون و ئەوانەشی کە ماونەتەوە بە توانای ژێر ٥٠% کار دەکەن کە ئەمە بە واتای بێکاربوونی ڕێژەیەکی زۆر لە کرێکارانی بە ئەزمون و پسپۆڕانی ئابوورییە.

\"رخ نیوز\"لە هەواڵێکدا ئاشکرای کرد کە ٤٥٠یەکەی بەرهەمهێنەر لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، واتە یەک لەسەر سێی یەکە بەرهەمهێنەرەکانی ئەم پارێزگا، داخراون کە نرخی بێکاری لەم پارێزگای گەیاندۆتە ١٨%؛ بەرپرسانی پارێزگای سیستانیش باس لە بوونی بێکاری ٤٥%ی لەم پارێزگایە دەکەن.

ناوەندی ئاماری ئێران ڕایگەیاندووە؛ نێونجی تێچووی ساڵانەی خانەوارێکی٣ کەسی، ٢٣ میلیۆن و ٤٠٠هەزار تمەنە.

بەپێی دوایین لێکۆڵینەوەکانیش ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێران لە ساڵی ١٣٧٢ تاکوو ١٣٩٢، ٣٧ قات، نرخی خانوبەرە ٧٦ قات و نرخی زەوی ١٠٧ قات زیادی کردووە. ئەم ئامارانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە بانکی ناوەندیی ڕێژیم لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاشکرای کردووە؛ لە یەک ساڵی ڕابردوودا نرخی دانەوێڵە ٣١.٧%، برنج١٦.٥%، سەوزی ٣٥.٢%، شەکروقەند ١٧.٩% و چای ١٤.٨% زیادی کردووە.