ناکۆکیی و لێکەوتەکانی پاش رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و رۆژئاوا

13:43 - 28 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: پاش ئەوەی کە رێککەوتنی ناوکیی لەنێوان حکوومەتی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک واژۆ کرا، چاوەڕوانی ئەوە هەبوو کە کێشە سیاسییەکانی نێوانیان هەتا رادەیەک هێورتر ببێتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش رێککەوتنەکەی ٢٣ی پووشپەڕ و لێدوانە رۆژنامەوانییەکان سەبارەت بە رێککەوتنی ناوکیی و دڵخۆشبوون و هیواداربوونی لایەنەکان بەو رێککەوتنە، قسە و باسەکانی پاش ئەو رێککەوتنە دەرخەری ناکۆکیی زیاتر لەنێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوایی و بەتایبەت ئەمریکا دایە.

باراک ئۆباما سەرکۆماری ئەمریکا هەر پاش راگەیاندنی رێککەوتنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی: ئەو رێککەوتنە بەو مانایە نیە کە کیشە و ناکۆکییەکانمان لەگەڵ ئێران کۆتایی پێهاتووە.

سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان باسی لەوەش کردبوو، حکومەتی ئێران هەتا ئەو کاتەی کە دەست لەپشتیوانی کردنی \"تیرۆریزم\" لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤیندا هەڵنەگرێت ئەوە ناکۆکییەکان لەجێگای خۆیان دەمێنەوە.

لەلایەکی دیکەوە عەلی خامنەیی رێبەریی حکوومەتی ئیسلامی ئێران رۆژی شەممە لەکاتی رێوڕەسمی نوێژی جێژنی ڕەمەزاندا رایگەیاندبوو، بە هیچ شێوەیەک سیاسەتمان بەرامبەر ئەمەریکادا گۆڕانی بەسەردا نایەت و رێککەوتنی ئێران لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی ئورووپایی تەنیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی بووە.

رێبەری ئێران ئەوەشی خستبوویەڕوو، ئێمە ئەو وڵاتانە دڵنیا دەکەینەوە کە دەست لەپشتیوانی کردنی دۆستەکانمان لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤیندا هەڵناگرین.

خامنەیی لەقسەکانیدا وێڕای ناوهێنانی ئەمریکا بە\" شەیتان \" وتبووی: وڵاتانی رۆژئاوایی ئێمە تۆمەتبار دەکەن کە دەستێوەردان لەکاروباری وڵاتانی یەمەن، سووریە، عێراق و لوبنان دەکەین و من لێرەوە دەڵێم ئەوە پشتیوانییە و دەستێوەردان نیە.

هەر لەدرێژەی ئەو ناکۆکیی و ئەو کێشمەکێشانەدا چەند رۆژ لەمەوبەر حکوومەتی ئێران ناوەڕۆکی رێککەوتنامەکەی بڵاو کردەوە و تێیدا باسی لەوە کردبوو کە قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسییش لە لیستەی ڕەش دەرهێنراوە.

پاش ئەو هەواڵە،\"شێرمەن\" جێگری سیاسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەو هەواڵەی رەت کردبوویەوە و وتبووی ئێران تەنیا دەیهەوێ بە بڵاو کردنەوەی هەواڵی ناڕاست خەڵکەکەی دڵخۆش بکات و ناوی قاسم سولەیمانی لەلیستەی رەش دایە و بەم نزیکانەش ناوی لەو لیستەیە دەرناهێنین.

لەم نێوانەدا \"دیوید کامرۆن\" سەرۆک وەزیرانی بریتانیاش وتبووی: رێککەوتنی ئەتۆمی وڵاتانی پێنج کۆ یەک لەگەڵ ئیران بەو مانایە نیە کە ئەوە هاوپەیمانیەتیمان لەگەڵ ئەو حکوومەتە پێکهێناوە.

کامرۆن باسی لەوەش کردبوو، بریتانیا شانبەشانی وڵاتانی وەکوو ئەمەریکا، چین، رووسیە، فەرانسە و ئاڵمان پیش بە دەستپیڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمیی دەگرێت.