ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد بەهۆی دەستێوەردانی هێزە نیزامییەکان، توندوتیژیی لێکەوتەوە+ تەکمیلی

01:45 - 18 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان لە مەهاباد لە بەرانبەر هۆتێل \'\'تارا\'\' لەمەڕ مەحکووم کردنی مەرگی گوماناویی \'\'فەریناز خوسرەوانی\'\' بەهۆی دەستێوەردانی هێزە حکوومەتییەکان، توندوتیژیی لێکەوتەوە.

هەواڵی تەکمیلی: هەواڵنێری کوردپا لەنێو ناڕازییاندا ناسنامەی یەکێک لە بریندارانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی شاری مەهابادی بەناوی \'\'خالید دەریانووش\'\' راگەیاندووە.

هەواڵی تەکمیلی ١: هێزە ئەمنیەتییەکان و یەگانی تایبەتی حکوومەت، \'\'نادر مەولوودی\'\' کارگێڕ و خاوەنی هۆتێل تارای شاری مەهابادیان لەگەڵ خۆیان بردووە، هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هۆکاری ئەو هەوڵەی هێزەکانی حکوومەتی، بۆ پاراستنی ناوبراو لە بەرانبەر تووڕەیی ناڕازییان راگەیاندووە.

شایەتحاڵێک بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای راگەیاند: ئەو هەوڵەی هێزە نیزامییەکان، گومانی گرێدراویی خاوەن هۆتێلەکەی بە ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە زیاتر کردووە، بەڵام ئەم ئیدیعایە تەنیا لەلایەن هاووڵاتییانی شاری مەهابادەوە راگەیەنراوە.

هەواڵی تەکمیلی ٢: بەپێی راپۆرتەکان یەکێک لە ناڕازییان لە ئەنجامی قووڵی برینەکەی گیانی لە دەست داوە، بەڵام هەتا ئێستا هەواڵنێری کوردپا راستی و دروستیی ئەو هەواڵەی پژڕاست نەکردووەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە ١٧ی بانەمەڕ، هاووڵاتییانی مەهاباد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر مەرگی گوماناویی فەریناز خوسرەوانی، لە بەرانبەر هۆتێل تارا کۆبوونەوە و خوازیاری دادگایی کردنی کەسانی پێوەندیدار بە مەرگی ناوبراوەوە بوون.

هەواڵنێری کوردپا لە مەهاباد رایگەیاند: ئەو کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی مەهاباد بە دەستێوەردانی گاردی تایبەت و هێزە ئینتزامییەکان توندوتیژیی لێکەوتەوە و هێزە حکوومەتییەکان بە \'\'چەکی ساچمەزەن\'\' و گازی فرمێسکهێنەر، لە هەوڵی بڵاوەکردن بە ناڕازییان بوون.

بە وتەی یەکێک لە شایەتحاڵەکان، ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە بە شێوەیەکی هێمنانە دەستی پێ کرد، بەڵام بە ئامادەبوون و دەستێوەردانی ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەکانی حکوومەت، توندوتیژیی لێکەوتەوە.

یەکێک لە ناڕازییان بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: لەو کۆبەنەوەدا ژمارەیەک لە ناڕازییان بەهۆی بەرەنگاریی توندی هێزە نیزامییەکان بریندار بوون.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هەنووکە شاری مەهاباد لەلایەن هێزەکانی گاردی تایبەتەوە میلیتاریزە کراوە و هاتوچۆی ئاسایی هاووڵاتییان کۆنترۆڵ دەکرێت.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ راپۆرتێک لەبارەی دەسبەسەر کرانی ناڕازییان لەلایەن هێزەکانی گاردی تایبەت و ئینتزامییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

بەپێی راپۆرتەکان، بەهۆی بەرەنگاریی هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکان، کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد توندوتیژیی لێکەوتووەتەوە و ناڕازییان بە بەردهاویشتن، شووشەی درگا و پەنجەرەکانی \'\'هۆتێل تارا\'\'یان شکاندووە.

هەواڵنێری کوردپا، هەواڵی هۆکاربوونی ناڕازییانی لەمەڕ رکێش کرانی کۆبوونەوەکان بەرەو لای توندوتیژی، پژڕاست نەکردووەتەوە.

هەروەها چەند وێنەیەکی بڵاو کراوە دەرخەری ئاگرکەوتنەوە لە نهۆمەکانی خوارەوەی هۆتێل تارا دان کە لەلایەن ئاژانسی کوردپاوە بڵاو دەکرێنەوە.

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٤ی بانەمەڕ، کچێکی لاوی خەڵکی مەهاباد بەناوی \'\'فەریناز خوسرەوانی\'\' کە فەرمانبەری هۆتێلی تارای ئەو شارە بووە، بەگوێرەی ئەو راپۆرتانە کە بڵاو کراونەتەوە، ناوبراو بۆ پاراستنی \'\'نامووس\'\' و پێشگیری لە دەسدرێژیی مەئموورێکی سەربە ئیدارەی ئیتلاعات، لە نهۆمی چواری ئەو هۆتێلەوە خۆی خستووەتەوە خوارەوە.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی مەرگی ئەو کچە لاوە مەهابادییە، شەپۆلێکی بەرینی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی مەهابادیی لەسەر تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا بە دواوە بووە.

فەریناز خوسرەوانی تەمەن ٢٦ ساڵ، دانیشتووی شاری مەهاباد و خاوەنی بڕوانامەی لیسانسی کامپیۆتێر بووە.

\"26420.jpg\"

\"26421.jpg\"

\"26422.jpg\"

\"26425.jpg\"

\"26426.jpg\"

\"26428.jpg\"

\"26429.jpg\"

\"26430.jpg\"

\"26432.jpg\"

\"26431.jpg\"