ناڕەزایەتی دەربڕینی دادستانیی شاباد بەنیسبەت حوکمی بێتاوان ناساندنی ئانیسا جەعفەری‌مێهر

11:05 - 9 پووشپەڕ 2721

دادستانیی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاباد بەنیسبەت حوکمی بێتاوان ناساندنی ئانیسا جەعفەری‌مێهر، چالاکی فەرهەنگیی کورد، ناڕەزایەتی دەربڕیوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ تاوتوێکردنی دووبارە، ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی کرماشان کراوە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو چالاکە فەرهەنگییە، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاندووە: "جەعفەری‌مێهر پاش سەردانی بۆ دادگای ئینقلابی شاباد بۆ وەرگرتنی بارمتەکەی، ئاگادار کراوەتەوە کە دادستانی بەنیسبەت حوکمی بێتاوان ‌ناساندنی ناوبراو ناڕەزایەتیی دەربریوە و دۆسیەی جەعفەری‌مێهر ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی کرماشان کراوە".

ڕۆژی شەممە ٨ی جۆزەردانی ئەمساڵ ئەو چالاکە فەرهەنگییە، بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، بانگهێشتی دادگای ئینقلابی شاباد کرابوو و بە ناوبراویان ڕاگەیەندابوو کە لەو تۆمەتە بێتاوان ناسێندراوە.

کۆبوونەوەی ڕوونکردنەوەی تۆمەتی ئەو چالاکە فەرهەنگییە، ٢٨ی خاکەلێوەی ئەمساڵ لە لقی دادستانیی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاباد بەڕێوە چووبوو و ناوبراو لە تۆمەتی "ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکان"، بێتاوان ناسێندرا.

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٩٩، ئانیسا جەعفەری‌‌مێهر بە دانانی بارمتەی ٣٥٠ ملیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرا.

ڕۆژی دووشەممە ٣ی سەرماوەزی ٩٩، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئانیسا جەعفەری‌‌مێهر و پاش پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان، کەرەستەی کەسیی ئەو چالاکە فەرهەنگییە وەکوو لەپ‌تاپ، مۆبایل و هەندێک کتێبیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئانیسا جەعفەری‌مێهر، تەمەن ٢٧ ساڵ و خوێندکاری کارناسیی باڵای بواری زمانناسیی زانکۆی کوردستانە.