ناڕوونیی چارەنووسی ٣ ئەندامی دەستبەسەر کراوی بنەماڵەیەکی خەڵکی شاری دێولان

15:29 - 26 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: ٣ ئەندامی بنەماڵەیەکی خەڵکی شاری دێولان کە لە زیندانی شاری قوروە راگیراون، لە دۆخێکی ناڕووندا بەسەر دەبەن.

سەباح، سیروان و شێرزاد حوسێن‌پەناهی ٣ هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی بنەماڵەیەکی خەڵکی شاری دێولان، کە لەلایەەن هێزە ئیلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، هەتا ئێستا چارەنوسیان ناڕوونە.

سەباح حوسێن پەناهی کە رێکەوتی ٢٧ی جۆزەردانی ئەمساڵ لەیەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاش چەند مانگ راگیران لە ژووری تاکە کەسیدا، لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری سنەوە بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری حوکم درا و پاش زیاتر لە ٣ مانگ لە تێپەڕاندنی ئەو حوکمە، بەبڕیاری راستەوخۆی ئیدارەی ئیتلاعات لە زینداندا راگیراوە و هەتا ئێستاش چارەنووسی روون نەبۆتەوە.

هەروەها سیروان حوسێن پەناهی کە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٠ی بەفرانباری ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە گوندی \"قوڕوچای\" سەربە شاری \"دێولان\"ـەوە دەستبەسەر و پاش ٥٠ رۆژ راگیران لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بۆ زیندانی قوروە راگوێزراوە.

کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی کورد بڵاوی کردەوە، کە سیروان حوسێن پەناهی، ماسولکەکانی دەستی بەسەختی تووشی ئازار هاتوون و لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە هیچ ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە شێرزاد حوسێن‌پەناهی کە رێکەوتی ١١ی رێبەندانی ئەمساڵ لە گوندی \"قوڕوچا\"ی سەربە شاری دێولان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و پاش ماوەیەک راگیران لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بۆ زیندانی شاری قوروە گوازرایەوە و هەتا ئێستاش چارەنووسی لە ناروونی دایە.