ناوەندە ئەمنیەتییەکان پێش بە چارەسەری پزیشکی زیندانییەکی کورد دەگرن

16:07 - 8 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد پێش بە چارەسەری پزیشکی زیندانییەکی سیاسی کورد لەدەرەوەی زیندان دەگرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئەمنیەتییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران پێش بە گوازتنەوەی چالاکێکی سیاسی کورد بەناوی هاوڕێ غەزاڵی بۆ دەرەوەی زیندان بە مەبەستی چارەسەری پزیشكی دەگرن.

ئەو زیندانیە سیاسییە لەماوەی رۆژانی رابردوودا تووشێ ئازار و سک ئێشە بووە.
هاوڕێ غەزاڵی نزیکەی ٩ مانگ بەر لەئێستا دەستبەسەر کراوە و بەپێی راپۆرتی چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لەئێران، بەرپرسە ئەمنیەتی و زیندانبانەکان نەخۆشی هاوڕێ وەکووکارتێکی فشار دژ بە ناوبراو بەکار دێنن.

ناوبراو بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزێسیۆنی حکومەتی ئێران سزای ١٨ مانگ زیندانی بەسەردا سەپاوە و لەئێستادا تووشی خوێنرێژی ریخۆڵە و نێو سک بووە.

پێشگرتن بە چارەسەری پزیشکی ئەم زیندانییە لەکاتێکدایە کە هاوکات دەزگای قەزایی یاسوج پیش بە دانی مرەخەسی بە زیندانییەکی سیاسی دیکەی کورد بەناوی قەدریە قادری دەگرن.

چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستان رایانگەیاندوو ەکە ئەو ژنە تەمەن ٢٥ ساڵە لە رۆژی پێنج‌شەممە ٢٥ی بانەمەڕەوە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.