ناوەندە ئەمنیەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی کۆڵبەرە کوژراوەکان کرد

14:37 - 23 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی ٣ کۆڵبەرە کوژراوەکەی خەڵکی مەهاباد بەرەوڕووی هەڕەشەی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بوونەتەوە.

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٨ی رێبەندان دەستەیەک لە کۆڵبەرانی کورد کەوتوونەتە بۆسەی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و ٤ کەسیان بەناوەکانی \"حوسێن رۆستەم‌نژاد\" تەمەن ١٦ ساڵ و کوڕی محەممەد، \"هوشیار رۆستەم‌نژاد\" تەمەن ٢٠ ساڵ و کوڕی محەممەد و \"رزگار\" کوڕی کەماڵ کەتانی لە ناوچەی خێڵەرەش و لە شوێنێک بە ناوی \"شەهابەدین\"ی بانە پاش دەستبەسەر کران، بە دەست و لاق بەستراوی لە چیای \"سوور کێو\"ـەوە فڕی دراونەتە خوارەوە و لە ئەنجامدا ٣ کەسیان گیانیان لەدەست داوە.

محەممەد چاوشین باوکی ٢ کەس لە کۆڵبەرە کوژراوەکان بە ناوەکانی \"حوسێن و هوشیار رۆستەم‌نژاد\" لە لێدوانێکدا وێڕای پژڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە لە ئەنجام دانی لێدوان بۆ ئاژانسی کوردپا خۆی بوارد.

\"11060.jpg\"
هاوکات برایەکی دیکەی ئەو ٢ کۆڵبەرە کوژراوە سەرەڕای بەداخ بوونی خۆی لەمەڕ ئەو کارەساتە مرۆیی‌یە، رایگەیاند: کە ناتوانێ هیچ لێدوانێک ئەنجام بدات.

لەلایەکی دیکەوە کەسێکی نزیک لەو بنەماڵەیە کە نەیویست ناوی ئاشكرا بکرێت بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: بنەماڵەی ئەو ٣ کۆڵبەرە کوژراوە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی شاری مەهابادەوە بانگهێشت کراون و پێیان راگەیەنراوە کەلە ئەنجام دانی هەر چەشنە لێدوان و وتووێژ بۆ مێدیا و کاناڵەکانی راگەیاندن خۆ ببوێرن.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو کە رۆژی ٢٢ی رێبەندان تەرمی رۆڵەکانیان لە ساردخانەی شاری بانە وەرگرتۆتەوە و شەوی رابردوو بە خاکیان سپاردوون.