ناوەندی ئاماری ئێران: بە شێوەی نهێنی نرخی هەڵاوسان بۆ لێپرسراوان دەنێرین

20:29 - 8 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: بەرپرسی ناوەندی ئاماری ئێران بە ئاماژە بە هۆكارەكانی راگەیاندنی نرخی هەڵاوسان لەلایەن بانكی ناوەندییەوە، وتی: ناوەندی ئاماری ئێران بە شێوەی نهێنی نرخی هەڵاوسان بۆ لێپرسراوان رەوانە دەكات.

عادڵ ئازه‌ر، لە لێدوانێكدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنا وتوویەتی: لە ئامادەكردنی نرخی هەڵاوساندا لە سێ‌ باری وەك: نرخی كاڵا، سالچی بنەما و هەڵاوسانی شار و گوند لەگەڵ بانكی ناوەندی ناكۆكیمان هەبوو و بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی كە لە رابردوودا نرخی هەڵاوسان بەپێی ئەو كاتە زەمەنیەی كە بانكی ناوەندی دیاریی دەكرد، حیساب دەكرا، هەر بۆیە بڕیار درا هەتا كۆتایی ساڵی 1391 نرخی هەڵاوسان لەلایەن بانكی ناوەندییەوە رابگەیەنرێ‌.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا جیالەوە ئێستاش نرخی هەڵاوسان ئامادە دەكەین و بە شێوەی نهێنی و شاراوە بۆ لێپرسراوانی باڵای وڵاتی دەنێرین.

ئەم وتانەی لێپرسراوای ناوەندی ئاماری ئێران لە كاتێك دایە كە دواكەوتن لە راگەیاندنی نرخی هەڵاوسانی ئابووری لە وڵات، شپرزەیی و ناڕوونی و جیاوازیی ئاماری بانكی ناوەندی و ناوەندی ئامار و دام و دەزگاكانی دیكە یەكێك لە گرفتەكانی ئەمڕۆی ئێرانە.

بەپێی دوایین ئاماری ناوەندی ئاماری ئێران كە لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ راگەیەنرا، نرخی هەڵاوسان 2/26% بووە و بەپێی ئەو ئامارە ساڵی پار 9/25% بووە، ئەمە لە حاڵێك دایە كە ئامارە غەیرە فەرمییەكان و كارناسانی ئابووریی ئێران لەو باوەڕە دان كە نرخی هەڵاوسانی راستەقینە لە ئێران راناگەینرێت، دەنا زۆر زیاترە لەو رێژەیەی ئێستا.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا زیادبوونی نرخی شتومەك و بەتایبەت مادە خۆاكییەكان و پێوایستییە سەرەكییەكانی ژیانی رۆژانەی خەڵك و بەتایبەت خەڵكی كەم داهات یەكێك لە گرفتە سەرەكییەكانی كۆمەڵگای ئێرانە.